ڕۆژی پێنجشەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و ژمارەیەک لە کەسایەتییە سیاسییەکان، بەشداریی لە ڕۆژی سەروەری عیراق کرد و گوتارێکی پێشکەش کرد.

نێچیرڤان بارزانی لە گوتارەکەیدا، لە کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق و قۆناغی نوێی دوای کشانەوەی هێزەکان قسەی کرد و گوتی: «ئێمە هەرگیز ئەو هاوکاری و پشتگیرییە لەبیر ناکەین و هەمیشە بە ڕێزەوە لێی دەڕوانین، بەڵام پێزانینی ڕاستەقینە دەبێت بەرەو هەڵگرتنی بەرپرسیاریەتیی نیشتمانی لە عێراق گەشە بکات.»

ئەو هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە عێراق دەچێتە قۆناغێکی نوێ، قۆناغی «باوەڕبەخۆبوون و پشتبەستن بە توانا نیشتمانییەکانمان».

سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە کە سەروەری تەنیا بە مانای کشانەوەی هێزی سەربازیی بیانی نییە، بەڵکوو بەرپرسیاریەتییەکی نیشتمانییە؛ واتە دەوڵەت خاوەنی بڕیاری کۆتایی بێت، دەستوور و سیستەمی فیدراڵی جێبەجێ بکرێن و دامەزراوە دەستوورییەکان ببنە مەرجەعی هەمووان.

نێچیرڤان بارزانی لە کۆتاییدا گوتی، هێزی عێراق لە چەکی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت یان ئاڵۆزی و ناسەقامگیریدا نییە، بەڵکوو لە توانای چارەسەرکردنی کێشەکان بە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن، زاڵبوونی لۆژیکی دەوڵەت و دەستوور، و پاراستنی هاوسەنگی و مافەکانی هەموو پێکهاتەکانی عێراقە.

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *