وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا دڵنیایی دەدات کە کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق، نابێتە هۆی پچڕانی هاوکارییەکانی بەرلین، بەڵکو ئەڵمانیا بە شێواز و ئامرازی نوێ بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیی کەرتی ئەمنی، سەقامگیری و گەشەپێدان لە هەرێمی کوردستان.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا، پێنجشەممە ١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، ڕایگەیاند کە بەرلین ڕێز لە بڕیاری حکومەتی عێراق بۆ کشانەوەی هێزە سەربازییەکان دەگرێت، بەڵام لە هەمان کاتدا، لە بەرژەوەندیی هاوبەشدا دەبینێت کە ڕۆڵ و ئامادەیی ئەڵمانیا لە عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی، بە شێوازێکی نوێ بەردەوام بێت.
سەرچاوەکە جەختی لەوە کردەوە کە پەیوەندییەکانی بەرلین و هەولێر لەسەر بنەمای بەردەوامیی هاوکاری و پاڵپشتیی کەرتی ئەمنی دامەزراون، و ئەڵمانیا هەروا بەردەوام دەبێت لە هاوکاریکردنی دامەزراوە ئەمنییەکان.
لەگەڵ ئەوەشدا، بەرلین بەردەوام دەبێت لە هەوڵە مەدەنییەکانی بۆ بەهێزکردنی سەقامگیری و پشتگیریکردنی پڕۆژەکانی گەشەپێدان لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە بواری دامەزراوەکان و کەرتە پێویستەکانی سەقامگیری و گەشەی ئابووری و کۆمەڵایەتی.