نەقیبی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان لە لێدوانێکدا ڕاگەیاند: نووسراوی فەرمی ئاراستەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار کراوە و تا ئێستا هەزار رۆژنامەنووس فۆڕمی وەرگرتنی زەوییان پڕکردووەتەوە.

ئازاد محەمەدئەمین نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، وتی: لەپێناو باشترکردنی گوزەرانی رۆژنامەنووسان، بڕیاردراوە پارچەیەک زەوی بەو رۆژنامەنووسانە بدرێت بەڵام دەبێ خاوەن ئەو مەرج و ڕینماییانەبن کە دیاری کراوە

بە گوتەی نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسان، داواکارییەکان سەرەتا ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران کرابوون و ئێستا رەوانەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار کراون.

ئازاد محەمەدئەمین لەبارەی مەرجەکانی وەرگرتنی زەوی روونیکردەوە، رۆژنامەنووس دەبێت ئەندامی کارای سەندیکا بێت و ئابوونەی ساڵانەی خۆی دابێت، بەتایبەت ئەگەر هەر رۆژنامەنووسێک پێشتر لە رێگەی هەر پڕۆژەیەکی دیکەوە لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند بووبێت، ناوی لە سیستەمەکە دەردەکرێت و زەوی پێنادرێت.

باسی لەوەشکرد، سەندیکا لە مانگی 12ـی ساڵی رابردوو فۆڕمی وەرگرتنی زەویی لە لقەکان بڵاوکردەوە. بەپێی رێنماییەکان، ئەو رۆژنامەنووسانەی ئەندامی کاران، ئەندامانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی عێراق و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان شایستەی وەرگرتنی پارچەزەوین.

سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان کە لە ساڵی 1998 دامەزراوە و ئەندامی فیدراسیۆنی رۆژنامەنووسانی نێودەوڵەتییە، لە رێکەوتی 1ـی 9ـی 2024ـەوە وەرگرتنی ئەندامی نوێی راگرتووە.

Reply