بۆ پتەوکردن و فراوانکردنی دەسەڵاتی میرنشینی سۆران، میر محەمەد ڕواندزی (پاشای گەورە)، قەڵایەکی سەربازیی مەزنی لە ناوچەی دوکان دروست کرد؛ کە بە “قەڵای سارتکە” ناسراوە.

ئەم قەڵایە کە ئێستا وەک پێگە و قەڵایەکی گرنگی سەربازی لە ناوچەکەدا دەردەکەوێت، بە فەرمانی پاشای سۆران لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانیدا بۆ پاراستنی ناوچەکە و پتەوکردنی هێزی میرنشینەکە لە سەدەی نۆزدەهەمدا بنیات نراوە.

شارەزایانی مێژوو ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم قەڵایە بە دیزاینێکی سەربازیی پێشکەوتووی ئەو سەردەمە دروست کراوە و چەندین قولە، ژوور و دیواری بەهێزی لەخۆ گرتووە کە دەبەنەوە سەر سەردەمی پاشای سۆران (١٨١٣–١٨٣٧).

سەڕەڕای پێگەی مێژوویی و ستراتیژیی گرنگی ئەم قەڵایە، چەندین ساڵە بەهۆی فەرامۆشکردن و پشتگوێخستنی لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە، بەشێک لە ژوور، دیوار و قولەکانی ڕووبەڕووی مەترسیی تێکچوون بوونەتەوە و خەریکە ئاسەوارەکەی بەتەواوی لەناو دەچێت.

ئەمە لە كاتێکدایە کە ناوچەی دوکان بە یەکێک لە شارە سەرەکی و گەشتیارییەکان هەژمار دەکرێت و ڕۆژانە ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیارانی ناوخۆ، ناوچەکانی تری عێراق و گەشتیارانی بیانی ڕووی تێدەکەن؛ بۆیە گرنگیدان بەم شوێنەوارە مێژووییە دەتوانێت ڕۆڵێکی بەرچاو ببینێت لە ڕاکێشانی سەرنجی گەشتیاران و بوژاندنەوەی کەرتی گەشتیاری لە ناوچەکەدا.

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *