ڕاگەیاندراوێک لەبارەی کەناڵی ئاسمانیی “زووم”ەوە بۆ رای گشتی
پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە ساڵێک لە چاوەڕوانی و ڕاگرتنی پەخشی کەناڵی ئاسمانیی “زووم” و بێبەشکردنمان لە مافی بەردەوامیدان بە کارەکانمان، ئێمە وەک دەیان ڕۆژنامەنووس و تەکنیککار و کارمەندی سەرەکی ئەو دەزگایە کە تا ئێستا لە چاوەروانی چارەسەری کێشەکەماندا ماوینەتەوە، بە پێویستی دەزانین ئەم خاڵانەی خوارەوە بۆ رای گشتی، ناوەندە میدیاییەکان و کونسوڵخانە و نێردە نێودەوڵەتییەکان روون بکەینەوە:
یەکەم: ڕایدەگەیەنین بە هیچ شێوەیەک بەشێک نەبووین و نابین لە هیچ گەمهیەکی سیاسی، ململانێی حزبی یان دەستوەردان و ئەجێندای کەسانێک لەناو دەزگای هەواڵگریی لایەنێکی دیاریکراو . کاری ئێمە تەنیا جێبەجێکردنی ئەرکی پیشەیی ڕۆژنامەوانی بووه بەپێی پێوەره ئەخلاقی و سەندیکاییەکان.
دووەم: بە پێویستی دەزانین روونی بکەینەوە، کە بەپێی بەدواداچوونەکان و زانیارییەکانی ئێمە، بۆمان دەرکەوتوە، لە دوای ڕاگرتنی پەخشی کەناڵی زوومەوه دەرفەت هەبووە بۆ دەستپێکردنەوەی پەخشی کەناڵەکە. بەڵام بەداخەوە بەرژەوەندی و دەستکەوتی کەسی کراوەتە بنەمای چارەسەر، بەڕێوەبەری کەناڵی زووم بە هەر هۆکارێک بووبێت نەیویستووە یان نەیتوانیوە دەرفەتەکان بقۆزێتەوە و دەیان کارمەند و ڕۆژنامەنووس بگەڕێنێتەوە سەر کارەکانیان.
سێیەم : لە کۆتاییدا، رایدەگەیەنن، ئێمە کە دەیان ڕۆژنامەنووس و کارمەندی کارای ئەم دەزگایەین بەم راگەیاندراوە چیتر لە کەناڵی زووم بەردەوام نابین، بۆ لەمەودوا بەڕێوەبەری زووم، ناتوانێت بە ناوی داواکۆکیکردن لە ئێمەوە لێدوان بدات، لە داهاتوودا ئازادین کە لە هەر دەزگایەکی میدیایی یان پرۆژەیەکی نوێ کاری ڕۆژنامەوانیمان درێژه پێ دەدەین.
ئۆکتۆبەری ٢٠٢٦
Reply