سلێمانی: شانۆگەری (دڵی خۆم نییە لە سینەمدا) ملمڵانێی زانست و مرۆڤایەتی لەسەر تەختی شانۆ
شانۆی (دڵی خۆم نییە لە سینەمدا)، لە نووسین و دەرهێنانی دێرین حامید، بەرهەمێکی شانۆیییە کە بە شێوەیەکی جیاواز بابەتی پێشکەوتنی زانست و کاریگەرییەکانی لەسەر ژیانی مرۆڤ و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دەخاتەڕوو
ئەم شانۆیە کە لە ژانری زانستی خەیاڵییە، چیرۆکی پزیشکێک دەگێڕێتەوە کە هەوڵ دەدات تاقیکردنەوەیەکی پزیشکی نوێ لەسەر گۆڕینی دڵی سێ نەخۆش ئەنجام بدات.
سەرکەوتنی نەشتەرگەرییەکە دەبێتە دەستپێکی گۆڕانکارییەکی گەورە لە ژیانی کەسەکاندا، گۆڕانکارییەک کە تەنها لە ڕووی تەندروستییەوە نییە، بەڵکو ژیانی خێزانی و کۆمەڵایەتیشیان دەگرێتەوە
دێرین حامید دەرهێنەری شانۆ سەبارەت بە چیرۆکی شانۆکە بە سۆران تیڤی ڕاگەیاند: لە ڕێگەی ئەم چیرۆکەوە، ملمڵانێی نێوان پێشکەوتنی زانستی و ئەو ئالنگارییانە دەخەینەڕوو کە بەهۆی گۆڕانکارییە خێراکانەوە لە ژیانی مرۆڤ و کۆمەڵگەدا دروست دەبن
یەکێک لە پەیامە سەرەکییەکانی شانۆکە، کاریگەریی تەکنەلۆژیا و زانستە لەسەر لایەنی ڕۆحی و کۆمەڵایەتیی مرۆڤ، هەروەها ئەو گۆڕانکارییانەی کە دەتوانن بنەماکانی خێزان و پەیوەندییە مرۆییەکان بگۆڕن
دەرهێنەر و سیناریستی شانۆکە، لە ڕێگەی ئەم بەرهەمەوە پرسیارێکی گرنگ دەوروژێنێت کە ئایا مرۆڤ چۆن دەتوانێت لەگەڵ دەرئەنجامەکانی پێشکەوتنی زانستی بگونجێت؟ وە ئایا هەر پێشکەوتنێکی زانستی بە مانای باشترکردنی ژیانی مرۆڤە؟
لەو شانۆیەدا ژمارەیەک لە ئەکتەرە ناسراوەکانی شانۆ لە سلێمانی و کوردستان بەشداریان تێدا کردووە.
شانۆی (دڵی خۆم نییە لە سینەمدا) لە ٢٠ی ئەیلوول تا ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦ لە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی پێشکەش دەکرێت




