ئەنجوومەنی فەتوا: حکومەت دەبێت مووچە پاشەکەوت کراوەکان بگەڕێنێتەوە
سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای فەتوا: حکومەت دەبێت مووچەی فەرمانبەران بە تەواوەتی بدات و پاشەکەوتەکانیان بگەڕێنێتەوە
د. حەسەن موفتی، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای فەتوا لە هەرێمی کوردستان، لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە بڕینی کارەبای هاونیشتمانییان بەهۆی نەدانی پارەی کارەبا، جەخت لەسەر پابەندبوونی حکومەت بە دابینکردنی مافی مووچەخۆرانەوە کردەوە
موفتی ڕایگەیاند، دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران بە تەواوەتی، مانگانە و لە کاتی خۆیدا، ئەرکێکی شەرعی و یاسایی حکومەتە. هەروەها پێویستە حکومەت مووچە دواکەوتووەکان و ئەو بڕە پارەیەی کە بە یەکلایەنە پاشەکەوت کراوە، بە میکانیزمێکی گونجاو و پێش هەر کارێکی دیکە بگەڕێنێتەوە، چونکە ئەو پارەیە قەرزێکە لە ئەستۆی حکومەت و نابێت بە هیچ بیانوویەک فەرامۆش بکرێت
سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای فەتوا هەروەها جەختی کردەوە کە پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران دەبێت لە هەژمارێکی بانکی دابنرێت، بە شێوەیەک کە فەرمانبەر بتوانێت لەو پارەیەوە قەرزی کارەبا و ئاو و باجی خانووبەرەی خۆی بداتەوە


