چاوەڕێ دەکرێت سبەی بافل تاڵەبانی دوا هەڵوێستی یەکێتی ڕابگەیێنێت
بافڵ تاڵەبانی سبەی لە کۆنفرانسی ساڵانەی مێری لە هەولێر بەشدار دەبێت و چاوەڕێ دەکرێت دوا هەڵوێستی یەکێتی لە پانێڵەکەدا ڕابگەیێنێت
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سبەی دووشەممە، لە کۆنفرانسی ساڵانەی دامەزراوەی توێژینەوەیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێری) لە هەولێر بەشدار دەبێت و لە پانێلێکی تایبەتدا قسە دەکات
بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، پانێلەکە کاتژمێر ١١:٢٠ی پێش نیوەڕۆ ئەنجام دەدرێت بە ناونیشانی (بنیاتنانی کوردستانێکی بەهێزتر، یەکڕیزی، ئاسایش و هاوبەشی هەرێمی)
کۆنفرانسی ساڵانەی مێری کەسایەتییە سیاسی و ناوخۆیی و هەرێمییەکان کۆدەکاتەوە، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو بابەت و گۆڕانکارییانەی کاریگەرییان لەسەر عێراق، هەرێمی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە
بەشداریی بافڵ تاڵەبانی لەم کۆنفرانسەدا لە کاتێکدایە کە چاوێکی زۆر لەسەر ڕوونکردنەوەی زیاترە لەبارەی دواهەڵوێستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەبارەت بە دۆخی سیاسیی ناوچەکە و عێراق و پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت و چۆنیەتیی چالاککردنەوەی پەرلەمان
هێشتا وردەکارییەکی لەبارەی ئەوەی بافڵ تاڵەبانی لە وتارەکەیدا بە تایبەتی باسی ئەم بابەتانە دەکات یاخود نا، پشتڕاست نەکراوەتەوە، بەڵام وا چاوەڕوان دەکرێت سبەی لەو پانێڵەدا سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دوا هەڵوێستی حزبەکەی لەسەر دۆخی هەرێمی کوردستان باس بکات


