بافڵ تاڵەبانی: ئامادەین لەگەڵ پارتی ڕێکبکەوین
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە دیداری ساڵانەی مێری ٢٠٢٦ لە هەولێر، باسی لە پەیوەندییەکانی یەکێتی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و دواهەڵوێستیان سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتی نوێ کرد و ئامادەیی حیزبەکەی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان ڕاگەیاند.
تاڵەبانی جەختی لەوە کردەوە کە یەکێتی ئامادەیە لەگەڵ پارتی بگاتە ڕێککەوتن و گوتی: «ئامادەین بۆ هەموو جۆرە ڕێککەوتنێک لەگەڵ پارتی. دەرفەتە پێکەوە بین؛ دەتوانین عێراق بەڕێوەببەین و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگۆڕین. با دانیشتنەکان بە فەرمی دەست پێ بکەینەوە».
سەبارەت بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، سەرۆکی یەکێتی ئاشکرای کرد کە پەیوەندییەکانی لەگەڵ پارتی بەردەوامن و ئەوەی خستەڕوو کە دەتوانرێت لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا حکومەت پێکبهێنرێت. لە هەمان کاتدا، ڕەخنەی لە دانوستانەکانی ڕابردوو گرت و ئاماژەی بەوە کرد کە ١٦ جار سەردانی هەولێری کردووە، بەڵام ئەو هەوڵانە نەبوونەتە هۆی گەیشتن بە ئەنجامێکی دیاریکراو، لە کاتێکدا، بە وتەی ئەو، دوورییەکی زۆر لەنێوانیاندا نییە.
لەبارەی ڕۆڵی ئەمریکا و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەش، تاڵەبانی ئاماژەی بەوە کرد کە نابێت بە هەڵە هەڵسەنگاندن بۆ ڕۆڵی ئەمریکا بکرێت، چونکە ئەو وڵاتە نەچووەتە مەریخ و ئەگەر بیەوێت، دەتوانێت بە خێرایی بگەڕێتەوە.
هەروەها هۆشداری لە مەترسییەکانی ناوچەکە دا و گوتی کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕووبەڕووی مەترسییەکی گەورە بووەتەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەم بارودۆخە دەرفەتیشی تێدایە و ئەوە دەرفەتێکی گەورە بۆ گەلی کورد دەبینێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی یەکێتی ئاماژەی بە بارودۆخی ئابووری کرد و گوتی کە ئابووریی جیهان بە گشتی لە دۆخێکی خراپدایە، هەروەها دۆخی بەغدای بە خراپ و دۆخی ئابووریی کوردستانیشی بە دۆخێک وەسف کرد کە لە ڕووی خراپییەوە ڕووبەڕووی مەترسیی زیاتر دەبێتەوە.
تاڵەبانی لەبارەی پەیوەندییە دەرەکییەکان و پرسە ناوچەییەکانەوە، ئاشکرای کرد کە ئێران پێشنیازی دروستکردنی پرۆسەیەکی گشتیی ئاشتی کردووە. ئەو هەروەها جەختی لە پێویستیی پشتیوانیکردن لە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا کردەوە و ئاماژەی بەوە دا کە توانیویانە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر زیندوو بکەنەوە.
لەبارەی پەیوەندییە سیاسییەکانیان لە بەغداش، تاڵەبانی گوتی کە یەکێتی لەگەڵ زۆرینەی گرووپەکان ڕێککەوتنی جێنتڵمانی هەیە. هەروەها حکومەتی زەیدی بە «دەرفەتێکی زێڕین» بۆ هەرێمی کوردستان وەسف کرد.
سەرۆکی یەکێتی لە کۆتایی قسەکانیدا باسی لە ڕێککەوتنی سیاسیی نێوان یەکێتی و نەوەی نوێ کرد و جەختی لەوە کردەوە کە ئەم ڕێککەوتنە جددییە و دەتوانێت ببێتە دەرفەتێک بۆ پارتی دیموکراتی کوردستانیش.


