قەرەیلان: تا مافی کورد یاسایی نەکرێت، گەریلا چەک دانانێت

12/10/2026

موراد قەرەیلان، فەرماندەی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە)، دەڵێت خەباتی ٤١ ساڵەی چەکداریی پرسی کوردی گەیاندووەتە ئامانجی خۆی و ئێستا کاتی کۆتاییهێنان بەو ڕێبازە و گەڕانەوە بۆ چارەسەری سیاسی و دیموکراتییە.

بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە بۆ چەکدانانی تەواوەتی، پێگەی یاسایی عەبدوڵڵا ئۆجالان دەبێت دیاری بکرێت

قەرەیلان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ گۆڤاری «ئەمارگی»، لە هەڵسەنگاندنێکی بۆ دۆخی سیاسیی جیهان و پرۆسەی چارەسەری، ملمڵانێکانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی بە «جەنگی جیهانیی سێیەم» ناو برد و گوتی ئامانجی سەرەکیی ئەم شەڕانە کۆنتڕۆڵکردنی سەرچاوەکانی وزە، کانزا دەگمەنەکان و ڕێڕەوە بازرگانییەکانە

فەرماندەی هەپەگە ئاماژەی بەوە دا کە خەباتی چەکداریی ٤١ ساڵە وای کردووە پرسی کورد بێتە ناو ڕووبەری گفتوگۆ و گەیشتن بە چارەسەر بکرێتە ئامانجێکی سیاسی. بە وتەی ئەو، ئێستا کاتی ئەوە هاتووە چارەسەری کێشەکە لە ڕێگەی سیاسەتی دیموکراتییەوە بکڕێت

قەرەیلان هەروەها بە ئاماژەدان بە هەندێک هەنگاوی ڕەمزی، وەک سووتاندنی چەک، گوتی ئەم هەنگاوانە بۆ نیشاندانی ویست و ئیرادەی چەکدانان ئەنجام دراون. ئەو هەروەها ڕایگەیاند کە هێزەکانیان لە ناوخۆی تورکیا و ناوچەکانی وەک مەتینا بە تەواوی کشاندووەتەوە

سەبارەت بە هەنگاوەکانی حکومەتی تورکیا، قەرەیلان یاسای چوارچێوەی پەرلەمانی بە «هەنگاوی یەکەم» وەسف کرد، بەڵام پێی وایە ئەم هەنگاوانە بەس نین. ئەو ڕەخنەی لەوە گرت کە دەوڵەتی تورکیا هێشتا بە دید و تێڕوانینی «ئاسایش و تیرۆر» مامەڵە لەگەڵ پرسی کورد دەکات

قەرەیلان لە کۆتاییدا دوو مەرجی سەرەکیی بۆ چەکدانانی تەواوەتی خستەڕوو: ناساندنی پێگەی یاسایی عەبدوڵڵا ئۆجالان و دابینکردنی مەرجەکانی ئازادیی جەستەیی بۆ ئەو، بۆ ئەوەی بتوانێت ڕاستەوخۆ لەگەڵ سیاسەتمەداران، میدیا و ڕای گشتی پەیوەندی و دیدار ئەنجام بدات

Views: 11