ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم: ڕێژەی دانیشتووانی کوردستان ١٤.١٤٪یە

14/10/2026

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم: ڕێژەی دانیشتووانی کوردستان ١٤.١٤٪یە و دەبێت ببێتە بنەمای دیاریکردنی پشکی هەرێم لە بودجەدا

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە کە ڕێژەی ڕاستەقینەی دانیشتووانی هەرێم، بەپێی ئەنجامەکانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی ساڵی ٢٠٢٤، بریتییە لە ١٤.١٤٪ و دەبێت ئەم ڕێژەیە ببێتە بنەمای دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی فیدڕاڵیی عێراقدا.

ئەنجومەنی وەزیران، ئەمڕۆ چوارشەممە ١٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، بە ئامادەبوونی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دا.

بەپێی راگەیەندراوی ئەنجومەنی وەزیران، دەبێت مووچە و شایستە داراییەکانی فەرمانبەران، پێشمەرگە، خانەنشینان، کەسوکاری شەهیدان، زیندانییانی سیاسی و سوودمەندانی چاودێریی کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان، هەروەها پلە و تەرخانکراوە داراییەکان، بە هەمان پێوەر و بە یەکسانی لەگەڵ هاوشێوەکانیان لە بەشەکانی دیکەی عێراق دابین بکرێن؛ بەبێ ئەوەی بە ناکۆکییەکانەوە ببەسترێنەوە یان کۆتوبەندی ناڕەوا بخەرێتە سەر، بە پشتبەستن بە دەستوور و یاساکان و بڕیارە پابەندکارەکانی دادگای باڵای فیدڕاڵی.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا، ئەنجومەنی وەزیران پشتیوانیی خۆی بۆ وەفدی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و جەختی لە بەردەوامبوونی دانوستانەکان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ کردەوە، بە ئامانجی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە و دەستووری، کە ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستان و هاووڵاتییانی بپارێزێت و چارەسەرێکی هەمیشەیی، جێگیر و دادپەروەرانە بۆ کێشە داراییەکان دابین بکات.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا، ئەنجومەنی وەزیران پێشنیاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی پەسەند کرد، سەبارەت بە لێخۆشبوون لە تەواوی سزاکانی دواکەوتن لە پێدانی بەشدارییەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی؛ بە مەرجێک قەرزە کەڵەکەبووەکان لە ماوەی ٩٠ ڕۆژی کاردا بە تەواوی بدرێنەوە بە سندوقی دەستەبەری کۆمەڵایەتی.

Views: 19