پەیەدە: هێرش کرایە سەر نوسینگەکەمان
ئەنجوومەنی گشتیی پارتی یەکێتیی دیموکراتیک (پەیەدە) ڕایگەیاند کە ڕۆژی سێشەممە ١٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، نووسینگەکەی لە گەڕەکی غوێرانی شاری حەسەکە تاڵان کراوە و وێرانکاریی تێدا کراوە، هەروەها هێرش کراوەتە سەر هێما کوردییەکان و وێنەی شەهیدانی ژن
پەیەدە لە ڕاگەیەندراوێکی نووسراودا کە لە ماڵپەڕەکەی بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە کە هێرشەکە لە چەند ڕۆژێک دوای هێرشکردنە سەر دامەزراوەی بنەماڵەی شەهیدان لە شاری تل تەمر ڕوویداوە
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، هێرشبەران دەرگاکانی نووسینگەکەیان شکاندووە، ناوەوەیان تاڵان کردووە و بە شێوازێکی نەشیاو هێرش کراوەتە سەر هێماکانی گەلی کورد، بە تایبەت هێماکانی شۆڕشی ژنان. هەروەها پەیەدە ئاماژەی بەوە کردووە کە دوای هێرشەکەی سەر نووسینگەکەیان، ڕۆژی دواتریش هێرش کراوەتە سەر وێنەی شەهیدانی ژن
ئەنجوومەنی گشتیی پەیەدە، ئامانجگرتنی تل تەمر و حەسەکە و پێشێلکردنی نووسینگەکەی بە بەشێک لە پلانێکی سیستەماتیک وەسف کردووە، کە بە گوتەی ئەو، ئامانجی پێکدادان و تێکدانی پێکەوەژیانە.
پەیەدە ئەم هێرشانەی بە توندی مەحکووم کردووە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەم کردەوانە هەڕەشەن بۆ سەر ئاشتیی کۆمەڵایەتی و ئارامیی ناوچەکە، هەروەها ئازادیی خەباتی سیاسی و ڕێکخستنی گەل دەخەنە مەترسییەوە. بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، نووسینگەکە تەنها ناوەندێکی حزبی نەبووە، بەڵکو شوێنێک بووە بۆ ڕێکخستنی گەل و بەهێزکردنی پێکەوەژیان و خوشکوبرایەتی لە نێوان پێکهاتەکانی ناوچەکەدا
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، پەیەدە داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە بەرپرسیارێتیی خۆیان لە پاراستنی نووسینگە حزبییەکان و دامەزراوە مەدەنییەکان جێبەجێ بکەن، لێکۆڵینەوە لە هێرشەکان بکەن و بەرپرسانی ئەو کردەوانە دادگایی بکەن، بۆ ئەوەی دووبارە نەبنەوە
هەروەها بانگەوازی لە هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و گەلی سووریا کردووە ڕق و کینە و پروپاگەندە ڕەت بکەنەوە، پابەندی دیالۆگ بن و بۆ پاراستنی پێکەوەژیان و ئاشتیی کۆمەڵایەتی هەوڵ بدەن


