وەزیری بەرگری تورکیا: هێزەکانمان لە عێراق و سووریا دەمێننەوە
یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا، ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی تا بە تەواوی دڵنیا نەبێت لە بوونی ئاسایش لە سنورەکانی سوریا وعیراق، سەربازەکانیان لەو دوو وڵاتە دەمێننەوە
گولەر لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ئاژانسی فرانس پرێس ئاماژەی بەوە کرد کە پێداچوونەوە بە دۆخی هێزە سەربازییەکانی تورکیا لە ناوچەکەدا، بە پێی پێویستییەکانی مەیدان و ئاستی هەڕەشەکان ئەنجام دەدرێت. ئەو هەروەها ئاماژەی بە هەماهەنگیی ئەمنیی نێوان ئەنقەرە و حکومەتی نوێی سووریا کرد، بە ئامانجی بەهێزکردنی تواناکانی سوپا و پاراستنی سنوورەکان
سەبارەت بە عێراق، وەزیری بەرگریی تورکیا ژمارەی فەرمیی سەربازەکانی وڵاتەکەی لە عێراق و سووریای ئاشکرا نەکرد؛ بەڵام بەپێی مەزەندەی سەرچاوە ئەمنییەکانی عێراق، ژمارەی هێزەکانی تورکیا لە خاکی عێراق لە نێوان ٨٠٠ تا ١٠٠٠ سەربازدەبێت
گولەر جەختی کردەوە کە پڕۆسەی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە دەبێت بە تەواوی جێبەجێ بکرێت و بەرەوپێشچوونی ئەم پڕۆسەیەش نابێت ببێتە هۆی کەمکردنەوەی ڕێوشوێنە ئەمنییەکان


