ڤاکسینی چارەسەری نوێی شێرپەنجەی پێست ئەنجامی ئەرێنی تۆمارکرد
هەواڵێکی ئومێدبەخش لە جیهانی پزیشکیدا؛ چارەسەری نوێی mRNA بۆ شێرپەنجەی پێست ئەنجامی ئەرێنی تۆمار دەکات
کۆمپانیاکانی دەرمانسازی «مێرک» و «مۆدێرنا» ڕایانگەیاندووە کە چارەسەرێکی پشتبەستوو بە تەکنەلۆژیای (ئێم ئار ئێن ئەی)، کە لەگەڵ دەرمانی بەرگریی جەستە «کیترودا» بەکاردێت، لە تاقیکردنەوەی قۆناغی سێیەمدا بۆ شێرپەنجەی پێستی جۆری میلانوما ئەنجامی ئەرێنی تۆمار کردووە
بەپێی ڕاگەیاندنی دوو کۆمپانیاکە، تاقیکردنەوەکە نیشانی داوە کە ئەم هاوبەشە چارەسەرییە دەتوانێت مەترسی گەڕانەوەی شێرپەنجە و بڵاوبوونەوەی بۆ ئەندامەکانی دیکەی جەستە کەم بکاتەوە، بە بەراورد بە بەکارهێنانی دەرمانی کیترودا بە تەنها
ئەم چارەسەرە بە شێوەیەک پەرەی پێ دەدرێت کە تایبەتە بە گۆڕانکارییە ژێنتیکییەکانی تومۆری هەر نەخۆشێک. سەرەڕای ئەنجامە ئومێدبەخشەکان، چارەسەرەکە هێشتا لە قۆناغی پەرەپێدان و هەڵسەنگاندندایە و بە مانای دۆزینەوەی ڤاکسینێکی گشتی بۆ هەموو جۆرەکانی شێرپەنجە نییە
پسپۆڕان ئەم پێشکەوتنە بە هەنگاوێکی گرنگ لە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای (ئێم ئار ئێن ئەی)لە چارەسەری شێرپەنجەدا دەبینن، بەڵام کاریگەریی درێژخایەن و بەردەستبوونی چارەسەرەکە بۆ نەخۆشان پێویستی بە لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنی زیاتر هەیە


