سمۆرەیەکی دەگمەن لە کوردستان دۆزرایەوە

21/10/2026

سابر دری بۆ سۆران تیڤی: سمۆرەی زەویی ئاسیای بچووک بۆ یەکەمجار لە کوردستان و عێراق وێنەی بەڵگەیی لێ گیرا

سۆران تیڤی | هەواڵ

لە دەستکەوتێکی گرنگی ژینگەیی و زانستیدا، سابر دڕی، فۆتۆگرافەری ژینگەیی، توانیویەتی سمۆرەی زەویی ئاسیای بچووک بدۆزێتەوە و وێنەی بەڵگەیی لەو گیانلەبەرە دەگمەنە بگرێت، ئەوەش دەستکەوتێکە کە بەگوێرەی زانیارییە بەردەستەکان، بۆ یەکەمجارە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق تۆمار دەکرێت

سابر دری لە بە ماڵپەڕی سۆران تیڤی ڕاگەیاند، وێنەکانی ئەم ئاژەڵە ئێستا لەلایەن چەند ناوەندێکی توێژینەوە و زانکۆی نێودەوڵەتی لە ئەڵمانیا و هیندستانەوە بە وردی هەڵدەسەنگێندرێن، ئامانجی ئەم توێژینەوانە پشتڕاستکردنەوەی جۆری ئاژەڵەکە و هەڵسەنگاندنی گرنگیی تۆمارکردنی ئاژەڵەکەیە لە ناوچەکەدا

بەپێی قسەکانی سابر دڕی، ئەم ئاژەڵە دەگمەنە لە نزیک گوندی چۆڵکراوی دری، لە ناوچەی بارزان و نزیک سنووری تورکیا دۆزراوەتەوە. ئەم جۆرە بە شێوەیەکی سەرەکی لە دەشتی ئەنادۆڵ دەژی و پێشتر بوونی لە ژینگەی کوردستان و عێراقدا تۆمار نەکرابوو

تایبەتمەندییەکانی سمۆرەی زەویی ئاسیای بچووک

سمۆرەی زەویی ئاسیای بچووک سەر بە خێزانی سمۆرەکانە. جەستەیەکی پڕ، قاچ و کلکێکی کورت و بازنەیەکی سپیی دیار لە دەوری چاوەکانی هەیە. ڕەنگی پشتی لە نێوان قاوەییی کاڵ و خۆڵەمێشیی زەردباودایە، لە کاتێکدا ڕەنگی سکەکەی کاڵترە. درێژیی جەستەی نێرە پێگەیشتووەکان، بەبێ کلک، لە نێوان ٢٥ تا ٢٨ سانتیمەتر دەبێت و بە گشتی لە مێینەکان گەورەترن.

ئەم ئاژەڵە بە شێوەیەکی سەرەکی لە سەر تۆو، گەڵا، گژوگیا و چرۆی ڕووەکەکان دەژی و هەندێک جاریش مێرولەکان دەخوات، سابر دری ڕوونی کردەوە کە ئەم گیانلەبەرە ڕۆژانە چالاکە و بۆ نوستن و پاراستنی خۆی لە ئاژەڵە ڕاوچییەکان، کۆمەڵێک کون و ڕێڕەوی ژێر زەوی هەڵدەکەنێت، هەروەها بە پێی وەرز و دۆخی کەشوهەوا، بۆ ماوەیەک دەچێتە قۆناغی خەوی زستانەوە

گرنگیی دۆزینەوەکە بۆ ژینگەی کوردستان

بەپێی داتاکانی یەکێتیی نێودەوڵەتیی پاراستنی سروشت، ئەم جۆرە لە پۆلی «نزیک لە مەترسیی لەناوچوون» دانراوە. تێکچوونی ژینگەی سروشتی و گۆڕینی زەوییە کێوییەکان بۆ زەویی کشتوکاڵی لە هۆکارە گرنگەکانی مەترسییەکانی لەناوچوونیانە

دۆزینەوە و وێنەگرتنی ئەم ئاژەڵە لە ناوچەی بارزان، گرنگیی پاراستنی ژینگەی سروشتی و بەڵگەهێنانەوە بۆ فرەچەشنیی ئاژەڵانی کوردستان زیاتر دەخاتە ڕوو. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەنجامی کۆتایی توێژینەوە زانستییەکان دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ لە پشتڕاستکردنەوەی ئەم تۆمارە و ناساندنی زیاتر بە فرەچەشنیی ژینگەیی ناوچەکەدا هەبێت

بەپێی داتاکانی یەکێتیی نێودەوڵەتیی پاراستنی سروشت (IUCN) و بنکەدراوەکانی فرەچەشنیی شیردەران، ئەم جۆرە لە پۆلی «نزیک لە مەترسیی لەناوچوون» (Near Threatened – NT) دانراوە. تێکچوونی ژینگەی سروشتی و گۆڕینی زەوییە کێوییەکان بۆ زەویی کشتوکاڵی لە هۆکارە گرنگەکانی مەترسییەکانی بەسەردا هاتوون.

Views: 306