ئاکرێ: سێ ڕۆژە بکوژ لە ناو شارە و تا ئێستا دەستگیر نەکراوە
پاش ئەوەی رۆژی پێنجشەممە دوو برا لە قەزای ئاکرێ لەلایەن ئامۆزاکەیانەوە کوژران، تا ئێستا بکوژەکە دەستگیرنەکراوە و بە پێی ئەو ڤیدیۆیانەی بڵاویش دەکرێنەوە، بکوژ هێشتا لە ناو شاردایە و وێنەکانی لە مارکێت و یاریگایەکی ئەو شارەدا بڵاوکرایەوە، هاوکات بکوژ لە ستۆریەکانی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان وێنەی چەک و تەقەمەنی بلاو دەکاتەوە و خۆی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی پۆلیس و ناوخۆ ئامادە کردووە، ئەمەش لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دەنگدانەوەی زۆری دروست کردووە کە بۆچی لە ماوەی سێ ڕۆژدا بکوژێک نەتوانراوە دەستگیر بکرێت لە کاتێکدا هێزەکانی ناوخۆی قەزاکە و پاریزگای هەولێریش بۆ دەستگیرکردنی چونەتە ناو قەزای ئاکرێ، هەر سەبارەت بە دەستگیرکردن و ئەو دەنگۆیانەی بڵاو دەکرێنەوە، پۆلیسی ئاکرێ ڕوونکردنەوەیەکی بلاو کردۆتەوە کە ئەمە دەقی ڕوونکردنەوەکەیە:
روونکردنەوە بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن و رای گشتی
لەبارەی تاوانی کوشتن لە نزیک پارکی ئاکرێ کە ئەنجامدراوە
ئێمە وەکو پۆلیسی ئاکرێ داوا لە سەرجەم دەزگاکانی ڕاگەیاندن و سۆشیال میدیا دەکەین کە بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە هەڵسوکەوت بکەن لە کاتی دروستبوونی تاواندا، زانیارییەکان تەنها لە ڕاگەیاندنی پۆلیسی ئاکرێ وەرگرن و بۆ بەرژەوەندی گشتی پەلە لە بڵاوکردنەوەی زانیاری نادروست و بێبنەما نەکەن وەکو شوێن و کات و ژمارە و داتاکانی تاوان و تۆمەتباران
هەروەها داوا لە خەڵکی خۆشەویستی خۆمان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەکەین کە دەربارەی ئەم تاوانە بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە هەڵسوکەوت بکەن لەپێناو پاراستنی دۆخی ئەمنی و هاوکار و هەماهەنگ بن لەگەڵ هێزەکانمان بۆ پێدانی زانیاری
پۆلیسی ئاکرێ لەگەڵ ئاسایش و دەزگاکانی ئەمنی بەردەوامن بۆ بەدواداچوون و دەستگیرکردنی تۆمەتباری سەرەکی کە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە بەپێی ماددەی (٤٠٦ لە ی.س) و بەپێی یاسا و ڕێکارەکان مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، و بۆ زانیاری پۆلیسی ئاکرێ لە ئامادەباشیدا دەبن و دڵنیاتان دەکەینەوە کە بە یارمەتی خودا لە زووترین کاتدا تۆمەتبار دەستگیر دەکرێت
بۆ پێدانی زانیاری بە پۆلیسی ئاکرێ پەیوەندی بە ژووری کۆنترۆڵی پۆلیسی ئاکرێ بکەن بەم ژمارە بێبەرامبەرە 104


