بەیاننامەیەک لە ڕۆژنامەنووسانی هەولێرەوە

25/10/2026

بەیاننامەیەک لە ڕۆژنامەنووسانی هەولێرەوە
بۆ/ ڕای گشتی
سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان و لایەنە ئەمنییە پەیوەندیدارەکان

ئێمە وەک کۆمەڵێک لە ڕۆژنامەنووسانی هەولێر، بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرش، سووکایەتی و هەڕەشانە دەکەین کە لەم دواییانەدا لەلایەن ژمارەیەک تیکتۆکچی و خاوەن پێشانگای ئۆتۆمبێلەوە ئاڕاستەی ڕۆژنامەنووسان و بە تایبەتی (هۆزان قادر) سەرۆکی ڕێکخراوی پەیامنێران کراون.
ئەم شاڵاوە لە هێرش و جنێودانە دوای ئەوە هات کە ڕۆژنامەنووسان بە بەرپرسیارێتی و ئەرکی پیشەییی خۆیان هەڵسان لە ڕووماڵکردنی دیاردەیەکی ناشارستانیی ئەویش شێواندنی ژینگە و لێخوڕینی مەترسیداریی ئۆتۆمبێل لەسەر قەدی دارێک، کە مەترسیی لەسەر ژینگە و ئاسایشی گشتی دروست کردبوو.

لێرەوە جەخت لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە دەکەینەوە:

کاری ڕۆژنامەنووسی و ڕووماڵکردنی دیاردە نەرێنییەکان لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیدایە، و هەر هەوڵێک بۆ ڕێگریی و ترساندنی ڕۆژنامەنووسان بە تەواوی ڕەتکراوەیە.

سووکایەتی، بێڕێزیکردن و هەڕەشەکردن لە ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی بواری ڕاگەیاندن بە هیچ جۆرێک قبوڵکراو نییە و پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسایە.

داواکارین لە سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان و دەزگا ئەمنییەکانی پارێزگای هەولێر کە بەپەلە بێنە سەر هێڵ، سنوورێک بۆ ئەم جۆرە ڕەفتارانە دابنێن و سزادانی یاساییانەی سەرپێچیکاران بگرنە بەر، لەپێناو پاراستنی سەلامەتی و کەرامەتی ڕۆژنامەنووسان و سەروەریی یاسادا.

ڕۆژنامەنووسانی هەولێر
ڕێکكەوتی: ٢٥ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٦

Views: 42