سبەی کێ بەشداری لە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان دەکات ؟

03/11/2026

ئەمڕۆ فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند کە سبەی بەشداری لە کۆبونەوەی پەرلەمانی کوردستان دەکەن و داواشیان لە لایەنەکانی تر کرد کە سبەی بەشداری لە دانیشتنی پەرلەمان و کاراکردنەوەی پەڕلەمان بکەن

هەر دوای ئەو کۆنگرە رۆژنامەوانیە، هەر یەک لە فراکسیۆنەکانی یەکێتی و رەوتی هەڵوێست و یەکگرتوو ڕایانگەیاند، کە کاراکردنەوە و دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان یاسا و رێسای خۆی هەیە و ئەوان لە میدیاکانەوە ئاگاداری ئەو بانگەوازەی پارتی بوون و هەر کاتێک بە پێی یاسای کاری پەرلەمان داوای دانیشتنی پەرلەمان کرا بۆ کاراکردنەوەی ئەوان کۆبونەوەی بۆ دەکەن و دوای ئەوە بڕیار لە بەشداری کردن دەدەن

عەلی حەمە ساڵح هەڵسوڕێنەری ڕەوتی هەڵوێستیش ڕایگەیاند کە ئەوان بە هیچ شێوەیەک بەشداری لە دانیشتنی سبەی پەرلەمانی کوردستان ناکەن

فراکسۆنی یەکێتی و نەوەی نوێش کە وەک هاوپەیمان بڕیار دەدەن، هەڵویستی ئەوانیش بەشداری نەکردنە لەو دانیشتنەی کە فراکسیۆنی پارتی داوای کردووە

ئەوەی تا ئێستا هەڵوێستی خۆی لە بەشداری کردنی دانیشتنی سبەی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرا کردووە جگە لە فراکسیۆنی پارتی، سێ کورسی پێکهاتەکان لە سنوری هەولێر و کورسیەکی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستانە

نیسابی یاسایی پەرلەمانی کوردستان پێویستە ٥١ ئەندام پەرلەمان ئامادە بێت و دەنگ بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان بدات

Views: 46