نێچیروان بارزانی پیرۆزبایی کاراکردنەوەی پەڕلەمانی نەکرد

04/11/2026

هەولێر – سۆران نیوز

دوای ئەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان بە هاوکاری چەند پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنەکانی دیکەی پەڕلەمان، ڕیژەی یاسایی پەڕلەمانی مسۆگەر کرد و دەستەی سەرۆکایەتی پەڕلەمانی هەڵبژارد، دوای ئەوە هەریەک لە مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی و مەسرور بارزانی جێگری دووەمی سەرۆکی پارتی پیرۆزبایی کاراکردنەوەی پەڕلەمانیان کرد، دوای نۆ کاتژمێر لە کاراکردنەوەی پەڕلەمان نێچیروان بارزانی سەرۆکی هەرێم و جێگری یەکەمی سەرۆکی پارتی لە ڕاگەیێندراوێکدا وتی پێشوازی لە کاراکردنەوەی پەڕلەمان دەکەم و بە پێچەوانەی سەرۆک و جێگرەکەی تری پارتی، پیرۆزبایی کاراکردنەوەی پەڕلەمانی نەکرد

دەقی راگەیێندراوەکەی نێچیروان بارزانی

پێشوازی لە کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان دەکەم. پەرلەمان دامەزراوەی باڵای نوێنەرایەتيی ئیرادەی ته‌واوى خەڵکی کوردستانە، پێویستە هەموو هێزە سیاسیيەکان بەشداريی کارای تیادا بکەن و بە گیانی بەرپرسیاریەتیی نیشتمانییەوە؛ ناکۆکی و جیاوازیيەکان لەوێ چارەسەر بکەن.

هیوادارم ئه‌م هه‌نگاوه‌ يارمه‌تيده‌ر و هانده‌ر بێت لە تێپەڕاندنی دۆخی بنبەستی سیاسی و ڕەخساندنی زه‌مينه‌يه‌كى باشتر بۆ لێکگەیشتن و هاریکاریی زیاتری نێوان هه‌موو لایەنە سياسييه‌کان.

دووپاتى ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ گفتوگۆ، سازان و هاوبه‌شيى نێوان ته‌واوى هێزە سیاسییەکان، بنەمای تێپەڕاندنی ناکۆکییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانن، سەقامگیریی سیاسی و پاراستنی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستانیش، بەرپرسیاریەتییەکی هاوبەشە و دەکەوێتە ئەستۆی هەمووان

Views: 29