یەکشەممە یەکێتی ئۆفیسەکانی حکومەت جێدەهێڵێت
ئاژانسی “الشرق الأوسط” لەسەر زاری لێپرسراوێکی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە بڵاویکردەوە، لە ڕۆژی یەکشەممەوە وەزیر و بەرپرسانی حزبەکەی دەست بە بەجێهێشتنی ئۆفیسەکانیان لە دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن
بەپێی وتەی سەرچاوەکەی یەکێتی، ئەم کشانەوەیە لە کابینەی ئێستای حکومەت پاش کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممەی پەرلەمان هات کە تێیدا سەرۆکایەتییەکی نوێ بۆ پەرلەمان هەڵبژێردرا، بەبێ بەشداریی زۆربەی پەرلەمانتارانی یەکێتی. هۆشداریشی دا کە ئەم دۆخە دەرفەت بۆ دەستێوەردانی هێزە دەرەکییەکان دەکاتەوە و ئاماژەی بەوەش کرد ئەگەری هەیە یەکێتی داوای سەربەخۆیی کارگێڕیی سلێمانی لە هەولێر بکات
لە بەرامبەردا، دژوار فایەق، بەرپرسی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند حزبەکەیان بە سەرۆکایەتیی مەسعود بارزانی دەستی بە پەیوەندی لەگەڵ یەکێتی و لایەنەکانی دیکە کردووە بۆ شکاندنی بنبەستی سیاسی. ئاماژەی بەوەش دا کە پەرلەمانی کوردستان ڕۆژی دووشەممە کۆدەبێتەوە بۆ هەڵبژاردنی لیژنەی یاسایی و دەستپێکردنی پرۆسەی وەرگرتنی پاڵێوراوەکان بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان


