کۆربەندی ستراتیژی سلێمانی لە ١٢ی ئەم مانگە ساز دەکرێت
سۆران تی ڤی ٠ سلێمانی
بڕیارە لە ڕۆژانی ١٢ بۆ ١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢۶، خولی نوێی «کۆڕبەندی ستراتیژیی سلێمانی» لە شاری سلێمانی بەڕێوەبەرچێت، کە تێیدا ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردە سیاسییەکان، بڕیاربەدەستان، شارەزایان و توێژەرانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی کۆدەبنەوە بۆ تاوتوێکردنی گرنگترین دۆسیە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکانی ناوچەکە و جیهان. کۆڕبەندەکە، کە ساڵانە وەک پلاتفۆرمێکی گرنگی گفتوگۆ و دیالۆگی کراوە ڕێکدەخرێت، تیشک دەخاتە سەر دۆخی سیاسی و جیۆپۆلەتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاستەنگی بەردەم ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە. چاوەڕوان دەکرێت لە چوارچێوەی پانێڵ و کۆبوونەوەکاندا، گفتوگۆی چڕ لەسەر داهاتووی ئابووری، پەرەپێدانی پەیوەندییە هەرێمییەکان و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ قەیرانە هەڵواسراوەکان بکرێت. ئەم کۆڕبەندە وەک ناوەندێکی کاریگەر بۆ دروستکردنی پردی تێگەیشتنی هاوبەش لە نێوان لایەنە جیاوازەکاندا سەیر دەکرێت و پێگەی هەرێمی کوردستان و شاری سلێمانی وەک ناوەندێکی گرنگی دیپلۆماسی و دیالۆگ لە ناوچەکەدا زیاتر بەرجەستە دەکات و کۆربەندەکەش بە سپۆنسەری و لە ژیر چاودێری قوباد تالەبانی ساز دەکرێت


