ڕاپۆرتی شیکاری هەنگاوەکانی ئەمڕۆی بافل تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی

13/11/2026

ڕاپۆرتی شیکاری | بەشی هەواڵی سۆران تی ڤی

لە جیهانی سیاسەتدا، هەندێک رۆژ هەن کە تێیاندا یەک خولەک دەکرێت هاوکێشەی چەند مانگێک بگۆڕێت

پێنجشەممە، ١٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، رۆژێکی ئاسایی نەبوو لە ڕۆژژمێری سیاسیی هەرێمی کوردستاندا، بەڵکو خاڵی وەرچەرخان و نەخشەڕێگای قۆناغێکی نوێی ململانێ و هاوپەیمانێتییەکان بوو، کاتێک سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەیانییەوە تا ئێوارە، لەنێوان سلێمانی و بەغدادا جوڵەیەکی ستراتیژیی خێرا و فرەلایەنیان ئەنجام دا.

سەرەتای ئەم رۆژە پڕ لە رووداوانە لە پانێڵەکانی «کۆڕبەندی ستراتیژیی سلێمانی»ـەوە دەستی پێکرد. لەوێدا، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی، بە زمانێکی زۆر ڕاشکاو و توند، هەڵوێستی فەرمی و کۆتایی حزبەکەی لەسەر دۆخی ناوخۆی هەرێم خستەروو. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە «دان بە پەرلەمانی ئێستادا نانێن» و دۆخی هەرێمی بە «دوو ئیدارەیی» و «داڕمانێکی سیاسیی گەورە» وەسف کرد. ئەم گوتارانە لە ڕاستیدا نەخشەڕێگای کشانەوە بوون لە هاوکێشە تەقلیدییەکانی حوکمڕانی لە هەرێم و ئامادەکاری بۆ قۆناغێکی نوێ.

جوڵە بەرەو بەغدا

بەڵام گەورەترین وەرچەرخانی ئەو ڕۆژە دوای نیوەڕۆ روویدا، کاتێک سەرۆکی یەکێتی بە یاوەریی شاسوار عبدالواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، بەرەو بەغدا ڕۆشتن و زنجیرەیەک کۆبوونەوەی کتوپڕ و گرنگی لەگەڵ جەمسەرە سەرەکییەکانی بڕیار لە عێراق ئەنجام دا؛ لەوانە محەمەد شیاع سوودانی، نوری مالیکی، هادی عامری و ئەبوو ئالا وەلائی.

ئەم دەرکەوتنە هاوبەشەی بافل تاڵەبانی و شاسوار عبدالواحید لە بەغدا، پەیامێکی سیاسیی قووڵ بوو کە ئامانج لێی گەیاندنی چەند خاڵێکی سەرەکی بوو بۆ بەغدا و ڕکابەرەکەی کە پارتی دیموکراتی کوردستانە

دیپلۆماسییەتی هاوسەنگ لە سلێمانی

لە کاتێکدا بافڵ تاڵەبانی سەرقاڵی نەخشەسازیی سیاسی  وکۆبونەوەکانی بوو لە بەغدا، قوباد تاڵەبانی لە سلێمانی تەوەرە دیپلۆماسییەکەی بەڕێوەبرد و دیدارەکەی لەگەڵ عەلی باباجان (سەرۆکی پارتی پێشکەوتن و دیموکراسیی تورکیا) بۆ پشتگیریکردن لە پرۆسەی ئاشتی لە ناوچەکە، لەگەڵ پێشوازیکردن لە وەزیرەکانی دەرەوە و تەندروستیی یۆنان، پیشەگەرانە ڕەهەندێکی نێودەوڵەتی بەم جوڵە خێرایانە بەخشی و دەرگاکانی کرانەوە بەڕووی دەرەوەدا هێشتووەتەوە.

ئەم چڕبوونەوەیە لە جوڵە سیاسی و دیپلۆماسییەکاندا پێمان دەڵێت کە یەکێتی دەیەوێت لە یەک کاتدا لەسەر ئاستی عێراق، لەڕێگەی دروستکردنی هاوپەیمانیی نوێوە پێشوەختە قەڵای خۆی لە بەغدا قایم بکات و لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتیش، پردی پەیوەندییەکان لەگەڵ داهاتووی ناوچەکەدا ببەستێتەوە.

ئەمانە چەند جوڵەیەکی ئاسایی نین، بەڵکو دەستپێکی نەخشەیەکی نوێی سیاسییە لە هەرێمی کوردستاندا

پەیامەکانی مەسعود بارزانی و مەسرور بارزانی

ئەگەرچی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بانگەوازی بۆ یەکێتی کرد کەلەگەڵ پارتی کۆببنەوە و کێشەکان چارەسەر بکەن، بەر لە رۆشتنی بۆ کۆربەند و بەغدا، بافل تاڵەبانی وەڵامی ئەو بانگەوازەی دایەوە و وتی: ئەوەی کردی بۆ میدیایە، بۆ شەرعیەت دانە بەهەنگاوەکانی داهاتوویان و کڵاو ناچیتە سەر کەس

ئەمەش ئاماژەیەکی ڕوونە کە یەکێتی هیچ ئومێدێکی بە دانیشتنەکانی لەگەڵ پارتی نەماوە و ئەو جوڵە سیاسیانەی ئەمشەویش سەلمێنەری ئەوەن

هاوکاتی ئەو مەسرور بارزانی لە ئاهەنگی دەرچوانی زانکۆی سەلاحەدین وتی هەرگیز ناگەرێینەوە پێش ٤ی مانگ و پەرلەمان کاراکراوەتەوەو داوای لە لایەنەکان کرد لە ژێر ڕۆشنایی پەیامەکەی بارزانی بەشداری دانیشتنەکانی پەڕلەمان بکەن

چاوەکان ئێستا لەسەر سلێمانی و جوڵەکانی بافل تاڵەبانین بۆ ئەوەی بزانن هەنگاوی داهاتووی چی دەبێت، میدیا فەرمییەکانی یەکێتیش باس لەوە دەکەن کە ئەو هەنگاوانەی سەرۆکی یەکێتی بۆ جیاکردنەوەی پشکی بودجەی سلێمانی و هەڵەبجەیە و جێگیر کردنیەتی لە بودجەی گشتی فیدرالی و هەر ئەمرۆش دوای گەیشتنی بافل تاڵەبانی و شاسوار عبدالواحید بۆ بەغدا، هەواڵی دواخستنی کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران لەسەر بودجەی گشتی کە بریار بوو رۆژی شەممە ئەنجام بدرێت، دواخرا

لەو ناوەشدا ئەوەی لە وتار و بەشدارییەکانی لە ئاسایی کردنەوەی ئەودۆخەدا بە غیاب دادەنرێت، نێچیروان بارزانی سەرۆکی هەرێم و جێگری یەکەمی سەرۆکی پارتییە، کە تا ئێستا بە ڕوونی هەڵوێستی خۆی لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمان و دۆخی هەرێم و پەیوەندیەکانی نێوان پارتی و یەکێتی دەرنەبڕیوە.

پەیامی ئەمریکا

تۆم بارام نێردەی سەرۆکی ئەمریکا لە دوا لێدوانیدا سەبارەت بە دۆخی هەرێم ڕایگەیاند، پێویستە تاڵەبانیەکان و بارزانییەکان رێکبکەون و ناکۆکیەکانیان چارەسەر بکەن، بێ ئەوەی دان بە کاراکردنەوەی پەرلەماندا بنێت، وتی ئەمریکا کوردستانێکی بەهێز و یەکگرتووی دەوێت بە بەشداری هەموو لایەنەکان

Views: 165