لە کۆبونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی چی ڕوویدا ؟
سۆران تی ڤی – بەغدا
لە کۆبوونەوەیەکی پڕ لە گرژی و ئاڵۆزدا کە ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە بە ئامادەبوونی سەرکردەکانی «چوارچێوەی هەماهەنگی» و سەرۆک وەزیران عەلی ئەلزەیدی، لە نووسینگەی حەمام حمودی بەڕێوەچوو، هیچ ڕێککەوتنێک لەسەر دۆسیەی جرف الصخر نەکرا و کۆبوونەوەکە بە ناکۆکی و کشانەوەی سەرۆک وەزیران کۆتایی هات، دوای ئەوەی ناوبراو لەسەر جێبەجێکردنی مۆڵەتی هەینی و بژاردەی سەربازی سوور بوو
بەگوێرەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، عەلی ئەلزەیدی لە کۆبوونەوەکەدا بە توندی جەختیکردۆتەوە کە مۆڵەتی دیاریکراو بۆ چۆڵکردنی ناحیەی جرف الصخر ئێوارەی هەینی داهاتوو کۆتایی دێت و هیچ درێژکردنەوەیەک بۆ ماوەکە ناکرێت، هاوکات هێزە سەربازییەکان لە ئامادەباشی تەواودان بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی ناوچەکە بەبێ هیچ مەرجێک.
ئەم هەڵوێستەی سەرۆک وەزیران ڕووبەڕووی نیگەرانی و هۆشداریی بەشێک لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بووەوە سەبارەت بە مەترسییەکانی پەنابردن بۆ بژاردەی سەربازی و لێکەوتە نەرێنییەکانی لەسەر دۆخی ئەمنیی شارەکان، بەڵام ئەلزەیدی سەرەڕای هۆشدارییەکان لەسەر هەڵوێستی خۆی سوور بوو، ئەوەش بووە هۆی دروستبوونی مشتومڕ و ئاڵۆزییەکی زارەکی توند لە نێوان ئەلزەیدی و هادی عامری، سەرۆکی ڕێکخراوی بدر، پێش ئەوەی سەرۆک وەزیران کۆبوونەوەکە بەجێبهێڵێت و سەرکردەکانیش تا کاتی ئامادەکردنی هەواڵەکە بەبێ گەیشتن بە هیچ چارەسەرێک لە کۆبوونەوەدا مانەوە، لە کاتێکدا لە لایەنی مەیدانییەوە هێز و کۆمەکی سەربازی گەیشتوونەتە جرف الصخر بۆ پشتیوانیکردن لە کەتائیبی حزب الله و هێزە ئەمنییەکانیش لە پارێزگاکانی نزیکەوە بەرەو ناوچەکە جووڵەیان پێکراوە.


