سلێمانی: نۆ ساڵ بەسەر کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلال تێپەڕی

03/10/2026

ئەمڕۆ نۆ ساڵ بەسەر کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلال، سەرۆککۆماری پێشووی عێراق و سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تێدەپەڕێت. ئەو سەرکردەیەی هەمووان، بە یار و نەیار و بە سەرۆک و کاربەدەستانی وڵاتانی جیهانەوە، بێ جیاوازیی سیاسی، ئاینی و نەتەوەیی، بۆی تاسەبار و چاوبەفرمێسک بوون

مام جەلال لە ڕۆژی سێشەممە، ٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧، لە تەمەنی ٨٤ ساڵیدا لە وڵاتی ئەڵمانیا کۆچی دوایی کرد. ناوبراو لە ١٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٢ەوە بەهۆی جەڵدەی مێشکەوە تەندروستیی تێکچوو و سەرەڕای سەردانیکردنی نەخۆشخانەکانی ئەڵمانیا، نەیتوانی تەندروستیی تەواوی خۆی بەدەست بهێنێتەوە

مام جەلال، جیا لەوەی سکرتێری گشتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەرۆککۆماری عێراق بوو، خەمخۆری تەواوی پارچەکانی دیکەی کوردستانی گەورە بوو. ناوی تەواوی جەلال حسامەدین کوڕی شێخ نوروڵای تاڵەبانییە، لە ساڵی ١٩٣٣ لە گوندی کەلکانی بناری چیای کۆسرەت لەدایک بووە و لە ساڵی ١٩٥٩ کۆلێژی یاسای لە بەغدا تەواو کردووە.

لە ساڵی ١٩٧٠ لەگەڵ خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ژیانی هاوسەری پێکدەهێنێت و دوو کوڕیان هەیە بە ناوەکانی بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی. لە ١ی حوزەیرانی ١٩٧٦دا، لە دیمەشق لەگەڵ نەوشیروان مستەفا و دەستەیەک لە هاوڕێیانی، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دامەزرێنن و چەخماخەی هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێیان لێدا و خۆشی بوو بە سکرتێری گشتیی یەکێتی

دوای ڕاپەڕینی مەزنی گەلی کورد و پرۆسەی ئازادیی عێراق، لە ساڵی ٢٠٠٣ بوو بە ئەندامی ئەنجوومەنی حوکم و لە مانگی تشرینی دووەمی هەمان ساڵدا کرا بە سەرۆکی ئەنجوومەنەکە. ڕۆڵێکی بەرچاوی لە نووسینەوەی دەستوور و زامنکردنی مافەکانی گەلی کورد لە چوارچێوەی عێراقێکی فیدڕاڵدا گێڕا

لە ٦ی نیسانی ٢٠٠٥دا، وەک یەکەم کورد بوو بە سەرۆککۆماری عێراق. لە ساڵی ٢٠١٠شدا، بەهۆی کاریزما، لێهاتوویی و خۆشەویستیی هەردوو ماڵی شیعە و سوننە بۆی، جارێکی دیکە بۆ ئەو پۆستە هەڵبژێردرایەوە

Views: 26