سلێمانی ــ هەموو تیمە خزمەتگوزارییەکان خرانە حاڵەتی ئامادەباشی
سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی ڕایگەیاند، بەهۆی پێشبینییەکانی کەشوهەوا و ڕاپۆرتەکانی کەشناسی سەبارەت بە گەیشتنی شەپۆلێکی بارانبارینی بەهێز بۆ ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان، هەموو تیمە خزمەتگوزاری و فریاگوزارییەکانی خۆی خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشیی تەواو.
بەپێی راگەیێندراوەکە، بۆ کەمکردنەوەی مەترسیی کۆبوونەوەی ئاو و ڕوودانی لافاو، تیمەکانی شارەوانی بە هاوکاریی بۆردی کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک و کۆمپانیاکانی تایبەت، پێشوەختە هەڵمەتێکی فراوانی پاککردنەوەیان بۆ مەنهۆڵ، ئاوەڕۆ و کەناڵەکانی ڕێڕەوی ئاو لە شەقامە سەرەکییەکان، کۆڵانەکان و شوێنە گشتییەکان ئەنجام داوە.
شارەوانیی سلێمانی جەختی کردووەتەوە کە هەموو پێداویستی و ئامادەکارییەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەر حاڵەتێکی نەخوازراو و بارودۆخی لەناکاو گیراونەتەبەر.
لە هەمان کاتدا، سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی داوای لە هاووڵاتییان کردووە پابەندی ڕێنماییەکانی پاراستن بن و لە کاتی ڕوودانی هەر حاڵەتێکی نەخوازراو، دروستبوونی لافاو یان پێویستبوون بە یارمەتیی بەپەلە، ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە هێڵی گەرمی فریاکەوتن (JCC) بە ژمارەی ١٠٠ بکەن.
بەپێی راگەیێندراوەکە، تیمە خزمەتگوزارییەکان بە شێوەی ٢٤ کاتژمێری لە خزمەت و ئامادەباشیدان، بۆ پاراستنی سەلامەتی و ئارامیی هاووڵاتییان.
سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی لە کۆتاییدا هیوای سەلامەتی و پاراستنی بۆ هەموو هاووڵاتییان خواستووە.


