عێراق: هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە ٢٠٢٧ بەڕێوەدەچێت
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، بەپێی پلان و خشتەکارییەکانی کۆمیسیۆن، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە ساڵی ٢٠٢٧ بەڕێوەدەچێت.
بەپێی ڕاگەیەنراوی فەرمانگەی میدیای پەرلەمانی عێراق، لیژنەی دارایی پەرلەمان بە سەرۆکایەتی عودەی عەواد، لەگەڵ ئەندامانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان کۆبووەتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، چەند بابەتێکی پەیوەندیدار بە پێداویستییە دارایی و تەکنیکییەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان تاوتوێ کراوە، هەروەها بودجەی تایبەت بە کۆمیسیۆنەکە لە چوارچێوەی بودجەی گشتیی وڵاتدا بە گفتوگۆ خراوە.
لە هەمان کۆبوونەوەدا، هەموارکردنەوەی یاسای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و شێوازی بەکارهێنانی کارتی نیشتیمانی لە پرۆسەی دەنگدانیش تاوتوێ کراوە.
بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، ئەندامانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان جەختیان کردووەتەوە کە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بەپێی پلانەکانی کۆمیسیۆن لە ساڵی ٢٠٢٧ بەڕێوەدەچێت.


