لەسەر ڕاسپاردەی قوباد تاڵەبانی زانکۆی کۆیە ١٢ پاسی کارەبایی وەردەگرێت

05/10/2026

زانکۆی کۆیە ڕایگەیاند، لەسەر راسپاردەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، پرۆسەی دابینکردنی ١٢ پاسی کارەبایی بۆ زانکۆکە دەستی پێکردووە.

زانکۆی کۆیە لە ڕاگەیاندنێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی پلانی ستراتیژیی زانکۆ بۆ ساڵانی ٢٠٢٣ تا ٢٠٢٧ و دەستپێشخەریی «زانکۆی سەوز»دا دێت، دەستپێشخەرییەکەش لە ١٦ی ئایاری ٢٠٢٤ لەلایەن قوباد تاڵەبانییەوە بە فەرمی ڕاگەیەنراوە

بەپێی ڕاگەیاندنی زانکۆکە، قوباد تاڵەبانی لەو دەستپێشخەرییەدا پشتیوانیی خۆی بۆ گواستنەوەی کارەبایی لە زانکۆی کۆیە دەربڕیوە و بەڵێنی دابینکردنی ١٢ پاسی کارەبایی بۆ زانکۆکەی داوە

زانکۆی کۆیە هەروەها ڕوونی کردووەتەوە کە بەمەبەستی جێبەجێکردنی ئەم بەڵێنە، لەگەڵ کۆمپانیایەکی چینی ڕێککەوتنێکیان کردووە بۆ دابینکردنی پاسە کارەباییەکان

زانکۆکە ئەم هەنگاوەی بە هەنگاوێکی کرداری بۆ جێبەجێکردنی دەستپێشخەریی «زانکۆی سەوز» و بەهێزکردنی ئاراستەی ژینگەپارێزی و گواستنەوەی سەوز لە زانکۆکەدا هەژمار کردووە

Views: 24