بەرهەمەکانی سەلاحەدین دەمیرتاش لە تورکیا سەرووی ملیۆنێک دانەیان لێ فرۆشراوە
ئیمیرالی تورکمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاپ و بڵاوکردنەوەی «دیپنۆت»، ڕایگەیاند کە لە مێژووی ئەدەبیی نوێی تورکیا تەنها ژمارەیەکی زۆر کەم لە نووسەران توانیویانە فرۆشی کتێبەکانیان بگەیەننە ئاستی سەرووی ملیۆن دانە
تورکمان ئەم لێدوانەی لە کۆتایی دەیەمین پێشانگای کتێبی ئامەددا دابوو، کە کتێبەکانی سەلاحەدین دەمیرتاش و بەرنامەکانی واژۆکردنی کتێبەکانی، بە ئامادەبوونی باشاک دەمیرتاش، سەرنجی زۆرێک لە خوێنەران و سەردانکەران ڕاکێشا
بەپێی وتەکانی بەڕێوەبەری «دیپنۆت»، کتێبەکانی دەمیرتاش لە یەکەمین ڕۆژەکانی بڵاوکردنەوەدا فرۆشێکی بەرزیان تۆمار کردووە و لە سەرەتای بڵاوکردنەوەدا، لە هەر کتێبێک نزیکەی ٨٠ بۆ ١٠٠ هەزار دانە فرۆشراوە؛ ئەمەش بە دیاردەیەکی دەگمەن لە بازاڕی کتێبی تورکیا دادەنرێت
بەپێی ئامارەکانی چاپخانەی «دیپنۆت»، «سەحەر» کە ساڵی ٢٠١٧ بڵاوکراوەتەوە، گەیشتووەتە چاپی ٣٩ەم و زیاتر لە ٤٠٠ هەزار دانەی چاپ کراوە. «ئیفسون» زیاتر لە ٢٥٠ هەزار دانە، «لەیلان» زیاتر لە ١٥٠ هەزار دانە و «داد» نزیکەی ١٣٠ هەزار دانەی لێ چاپ کراوە
هەروەها نوێترین ڕۆمانی دەمیرتاش، «جەمال»، کە ساڵی ٢٠٢٥ بڵاوکراوەتەوە، تاکو ئێستا نزیکەی ٩٠ هەزار دانەی لێ چاپ کراوە


