قوباد تاڵەبانی: پێویستە مافی دارایی و پڕچەککردنی پێشمەرگە لە بودجەی فیدراڵ جێگیر بکرێت

06/10/2026

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە سەردانێکدا بۆ وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، لەگەڵ وەزیری کاروباری پێشمەرگە و بەڕێوەبەران و فەرماندەکان و ڕاوێژکارانی باڵای وەزارەت کۆبووەوە

لە کۆبوونەوەکەدا، دوای تەواوبوونی پرۆسەی یەکخستنەوە و ڕێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، باس لە قۆناغی داهاتووی هێزەکە کرا، قۆناغێک کە تێیدا گرنگی بە راهێنان، پڕچەککردن و بەرزکردنەوەی توانای سەربازیی پێشمەرگە دەدرێت

قوباد تاڵەبانی لە کۆبوونەوەکەدا پشتیوانیی خۆی بۆ ئەوە دەربڕی کە نوێنەرێکی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە بەشدار بێت لەو لیژنەیەی حکومەتی هەرێم کە بۆ جێگیرکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم لە بودجەی حکومەتی فیدراڵ پێکهاتووە

ئامانج لەو پێشنیارە، بەشداریی ڕاستەوخۆی وەزارەتی پێشمەرگەیە لە گفتوگۆکانی بودجە، بۆ ئەوەی ماف و شایستە داراییەکانی هێزەکانی پێشمەرگە بە شێوەیەکی ڕوونتر لە بودجەی فیدراڵدا جێگیر بکرێن

هەروەها جەخت لەسەر هاوتاکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هێزەکانی پێشمەرگە لەگەڵ هاوتاکانیان لە سوپای عێراق کرایەوە

لە لایەکی دیکەشەوە، تاڵەبانی ئاماژەی بەوە کرد کە بەپێی دەستوور، هەر هەوڵێک بۆ پڕچەککردن و پەرەپێدانی توانای سوپای عێراق دەبێت هێزەکانی پێشمەرگەش لەخۆ بگرێت

ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدابوو کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی تەواوبوونی پرۆسەی یەکخستنەوە و ڕێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی لە ژێر چەتری وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە ڕاگەیاندووە

Views: 20