مەسرور بارزانی: پێویستە بە پێی دەستوور مافە دارایی و شایستەکانی هەرێمی لە بودجەی تازە جێگیر بکرێت
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە لە هەولێر پێشانگەی نێودەوڵەتیی تەکنەلۆجیای هایتێکس 2026ی کردەوە و لەگەڵ بەشداربووان و گەنجان کۆبووەوە و نوێترین داهێنان و بەرهەمە تەکنەلۆجییەکانی کۆمپانیا و گەنجانی هەرێمی کوردستان و دەرەوەی بەسەرکردەوە.
لە میانەی کردنەوەی ئەو پێشانگایەدا، سەرۆکی حکومەت، لە پەیامێکدا بۆ لایەنە سیاسیەکان داوای کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستانی کرد و لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانانیش، سەرۆکی حکومەت گوتی کۆتاییهاتنی ئەرکی شەڕی داعش بووەتە هۆی کەمبوونەوە و کشانەوەی ئەو هێزانە، بەڵام ئەمە بە مانای کۆتاییهاتنی پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان نییە. هەروەها جەختی لە پێویستیی بەردەوامبوون لە گفتوگۆ بۆ دابینکردنی سیستەمی بەرگریی دژەدرۆن کردەوە
سەبارەت بە جوڵەی گرووپە توندڕەوەکان لە هەندێک ناوچەی عێراق، مەسرور بارزانی جەختی لە پێویستی هەماهەنگیی زیاتری نێوان حکومەتی فیدرالی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ڕێگری لە دروستبوونی کەلێنی ئەمنی لێکردەوە
لەبارەی بودجەی ساڵی ٢٠٢٧ی عێراق و دەنگۆکانی تەرخانکردنی ١٣ ترلیۆن دینار بۆ هەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکومەت گوتی هەرێم تەنها داوای ماف و شایستە داراییەکانی خۆی دەکات و بە پێی دەستوور و ڕێژەی دانیشتوان، کە بە وتەی ئەو ١٤.١٤٪یە، دەبێت شایستە داراییەکانی هەرێم دابین بکرێت
بارزانی هەروەها ڕاشیگەیاند کە گفتوگۆکان لەنێوان هەولێر و بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشە دارایی و کۆنەکان بەردەوامن و گەشبینی خۆی بە داهاتووی پەیوەندییەکانی هەرێم و حکومەتی فیدرالی نیشاندا


