سدیق حەسەن: شەڕی یەمەن دەبێتە بەشێکی شەڕی نێوان وڵاتانی ناوچە

06/10/2026

هەولێر: نووسەر و شیکەرەوەی سیاسی کورد (سدیق حەسەن) لە وتارێکی نوێدا بە ناونیشانی «شەڕی یەمەن دەبێتە بەشێکی شەڕی نێوان وڵاتانی ناوچە»، باس لە گۆڕانی هاوکێشەی شەڕی یەمەن و ئەگەری فراوانبوونەوەی ملمڵانێیەکە بۆ چوارچێوەیەکی فراوانتری ناوچەیی دەکات

سدیق حەسەن لە شیکردنەوەکەیدا باس لە پەیوەندی نێوان سعودیە، تورکیا و پاکستان دەکات و دەڵێت بەهۆی پەیمانی بەرگریی هاوبەشی مەککەوە، ئەم سێ وڵاتە زیاتر لە پێشوو لە هاوکێشەی یەمەن نزیک بوونەتەوە

پەیمانی بەرگریی مەککە لە ٧ی ئابی ٢٠٢٦ لە نێوان سعودیە، تورکیا و پاکستان واژۆ کرا و بەپێی ئەو پەیمانە، هێرشێکی چەکدار بۆ سەر یەکێک لە سێ وڵاتەکە بە هێرش بۆ سەر هەموویان دادەنرێت

سدیق حەسەن لە وتارەکەیدا پێشبینی دەکات ئەگەر سعودیە، تورکیا و پاکستان بتوانن لە یەمەن پێگەی ئەنسارولڵا ــ حوسییەکان ــ لاواز بکەن، ئەوا هاوکێشەکە دەتوانێت کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆ لەسەر ملمڵانێی نێوان ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل هەبێت

بەپێی شیکردنەوەکەی، ئەگەر شەڕەکە فراوانتر ببێت، سعودیە دەتوانێت زیاتر ببێتە بەشێکی ڕاستەوخۆی گۆڕەپانی ملمڵانێی ناوچەیی و تورکیا و پاکستانیش لەبەر پابەندبوونیان بە پەیمانی مەککە، ڕووبەڕووی بڕیارێکی ئاڵۆز بۆ جۆری بەشدارییان ببنەوە

نوسەر و شیکەرەوەی سیاسی (سدیق حەسەن) هەروەها دەڵێت ئەگەر ئەم سیناریۆیە بە شێوەیەکی درێژخایەن بەردەوام بێت و هیچ لایەنێک نەگاتە ئەنجامێکی دیاریکراو، ئەوا زیادبوونی تێچووی سیاسی و سەربازی و فراوانبوونەوەی شەڕ دەتوانێت فشار لەسەر هەموو لایەنەکان زیاد بکات

لە کۆتایی وتارەکەیدا، ئەو شیکردنەوەیە دەخاتەڕوو کە ئەگەر هێزەکانی سعودیە و هاوپەیمانەکانی لە یەمەن بە ئەنجامێکی دیاریکراو نەگەن، ڕێککەوتن و گفتوگۆی سیاسی لەگەڵ ئێران دەتوانێت بۆ واشنتۆن ببێتە یەکێک لە هەڵبژاردە سەرەکییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ

Views: 28